سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادییە ئایینییەکان: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی خەڵکی شنگال بکات

05-10-2022
دیار کوردە @diyarkurda
 هەڤپەیڤینی دیار کوردە لەگەڵ نەدین مەیێنزا و لین زۆڤیغیان. وێنە: رووداو
هەڤپەیڤینی دیار کوردە لەگەڵ نەدین مەیێنزا و لین زۆڤیغیان. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادییە ئایینییەکان پێیوایە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لە ئێزدییەکان بگرێت، چونکە هێشتا شنگال ناوچەیەکی سەربازییە و پێویستە ئەو دۆخە چارەسەر بکرێت.
 
سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادییە ئایینییەکان و سەرۆکی پارتنەشیپی زۆڤیغیان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 03-10-2022 تۆمارکراوە باسیان لە دۆخی شنگال و کوردانی ئێزدی کرد.
 
نەدین مەیێنزا، سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادییە ئایینییەکان لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دۆخی شنگالەوە رایگەیاند، "پێموایە زۆر گرنگە کە ئێزدییەکان لە پاراستنی ئاسایشی شنگال بەشدارییان پێبکرێت، هەروەها یەبەشەش لایەنێکی ئاڵۆزە، تورکیا وەک بیانوێک بەکاریان دەهێنێت، بەڵام دەبێت بزانرێت ئەوان رزگاربووی جینۆسایدن، ئەوان تورک و سووری نین، منیش پێموایە پێویست بە هەبوونی پەکەکە لەو ناوچەیە ناکات".
 
لین زۆڤیغیان، سەرۆکی پارتنەشیپی زۆڤیغیان رایگەیاند، نابێت شنگال وەک کێشەیەکی بچووک سەیر بکرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنی و شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، کەمتر چاوەکان لەسەر وڵاتانی دیکەن. هەروەها دەشڵێت، "دەبێت شەرم لە خۆمان بکەین رزگاربووانی جینۆساید ناچار بکەین بچنە هێڵی بەرگرییەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەدین مەیێنزا و لین زۆڤیغیان:
 
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدان، ئەمڕۆ کە لە ئیڤێنتەکەی ئێوە بووم، پرسیارێکم بۆ دروست بوو، بۆچی کە دێتە سەر پرسی شنگال، هیچ چارەسەرێک جێبەجێ ناکرێت، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرە کێشەی شنگال هەیە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی شنگال هەن نەگەڕاونەتەوە ماڵەکانیان و هیچ چارەسەرێکی ئەم کێشەیە نەکراوە، نەدین لە ئێوە دەست پێدەکەین، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟ 
 
نەدین مەیێنزا: پێموایە هەنگاوێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شنگال، ئەویش دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لە کۆمەڵگەی ئێزدی و شنگال و ئاوارەکان بگرن. گوێ لەوە بگرن کە ئەوان چییان بۆ ناوچەکەیان دەوێت، پێکەوە ببن بە هاندەریان تاوەکو بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و پاراستنی ئاسایشیان، لەو راپۆرتەشدا ئاماژەی پێدراوە و بەهیوای دەستپێکردنی ئەو پڕۆسەیەن. 
 
رووداو: لە راپۆرتەکەدا ئێوە ژمارەیەک پێشنیازتان خستووەتەڕوو، هەر لە گەڕانەوەی ئاوارەکان تاوەکو نیگەرانییە ئەمنییەکان، ئێمە ئەوەش دەزانین کە گرووپ و پێکهاتەی جیاواز لە شنگال هەن، بەڵام کاتێک دێتە سەر چارەسەرنەبوونی کێشەی شنگال، پێویستە کێ سەرکۆنە بکرێت، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان یان شنگالییەکان خۆیان، لین بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟ 
 
لین زۆڤیغیان: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر قورسە، پێموایە گرنگتریش لە پرسیارکردن لەوەی کێ سەرکۆنە بکرێت دیار، ئەوەیە کێ پێویستە بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێت لەم دۆخەی کە ئێمە تێیداین، لەم دۆخەدا هەموو لایەنێک رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە کە دەبێت پێی هەڵسن، تاوەکو دڵنیابین لەوەی کێشەی شنگال بە چارەسەرنەکراوی نامێنێتەوە. 
 
رووداو: زۆر باشە، ئێوە پێشنیازەکانتان خستووەتەڕوو، بەڵام دەتانەوێت کێ کاری لەسەر بکات، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان یان کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی، هەروەها نەدین پێتوایە ئەمانە کێشەی شنگال چارەسەر دەکەن؟ 
 
نەدین مەیێنزا: پێموایە ئەم پێشنیازانەی نێو راپۆرتەکە سەردەکێشن بۆ رێککەوتنی شنگال، ئەمەش تاوەکو ئەو کاتەی بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی شنگال و ئێزدییەکان جێبەجێدەکرێت. هەروەها، هەموو لایەنەکانی دیکە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەکەش بەشداربن. ئەو خاڵە پشکنینانە دابخرێن کە سەر بە حکومەت نین، ئێمە پێشنیاز دەکەین کە بچنە ماڵپەڕی وڵسن سەنتەر و رێکخراوی یەزدا راپۆرتەکە بخوێننەوە، چونکە پێشنیازەکان هەنگاوی باشن بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخەکە، لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگە ئەوەمان لەبیربێت کە ناوچەکە، هێشتا ناوچەیەکی سەربازییە، لە دۆخی سەربازی دەرنەچووە، بۆیەش تاوەکو هێزە ئەمنییەکان بەرپرس بن لە دۆخەکە، هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ شنگال روونادات، بۆیە گرنگە ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی خەڵکی شنگال و کۆمەڵگەی شنگال بین و هەروەها داوا لە حکومەتەکان، هەموویان دەکەین کە ئەو رۆڵە بگێڕن کە پێویستە بیگێڕن بۆ بەرەوپێشچوون، تاوەکو شنگال شوێنێک بێت کە ئێزدییەکان بتوانن بۆی بگەڕێنەوە.  
 
رووداو: ئێوە لە وەزارەتی دەرەوە کارتان کردووە، هەروەها جێن گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە ئیڤێنتەکەدا بەشداربوو، ئێوە چاوەڕێی ئەوە لە ئەمریکا دەکەن کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێزدییەکانیش بکات تاوەکو بگەنە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە درێژخایەنە؟
 
نەدین مەیێنزا: من زۆر هاندرام بە گوتە بەهێزەکەی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و پشتیوانیان بۆ ئێزدییەکان و شنگال کە ئەوانیش بتوانن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالدا قسەیان هەبێت، هیوادارم کە وەزارەتی دەرەوەدا ببێتە دەنگێکی بەهێز، لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکەش کاربکەن تاوەکو شتەکان بە ئاراستەی راستدا بڕۆن. 
 
رووداو: لین، دەزانین کە رێککەوتنێک هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەمە لە ساڵی 2020ەوە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، پێتوایە دەتوانرێت ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکرێت یان دەبێت رێککەوتنێکی دیکە بکرێت بە راوێژ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەش کە لەم ناوچەیەدا دەژین؟
 
لین زۆڤیغیان: ئەمە پرسیارێکی گرنگە، چونکە رێککەوتنی شنگال کۆمەڵێک بژارەی هێنایە پێشەوە کە بتوانن لە رێگەیەوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، هەندێک دەرگە دەکاتەوە، هەروەها هەندێکیش دادەخات، ئەوەی کە گرنگیشە ئەمە وەک نەخشەیەکە وەک سەکۆیەکیشە بۆ هەموو لایەک، هەروەها ئەمە باشترین بژارەش دەبێت بۆ هەموو شنگالییەکان، بڕوام ئەوەیە ئەوەی کە ئێمە لە رێککەوتنی شنگالدا بینیومانە، ئەمە یەکەم هەنگاوە و نیشانیشی دەدات کە ئەم دوو حکومەتە لۆکاڵییە دەتوانن پێکەوە کاربکەن، ئێستا پێویستە هەنگاوێکی گەورە بنێین و وابکەین کە رێککەوتنی شنگال بۆ شنگال بێت. دیار، ئەمەش واتە زیاتر لە راوێژپێکردن، بەڵکو هێزپێدانیان و بەشداریپێکردنی کارای هەموو پێکهاتەکان لە شنگال گرنگە، بەشداریپێکردنی ئێزدییەکان، کریستیانەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە کە بتوانن پێکەوە بڕیار بدەن، ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت ئەوەیە کە بانگهێشتی ژوورێک بکرێن و کاتێکی زۆر کەمیان پێبدرێت کە بۆچوونیان چییە، دواتریش بڵێن ئێمە بەشداریمان پێکردن و ئێستا دەتوانین لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوام بین، بۆیە بەشداریپێکردنی کارا، هەنگاونانە و هەروەها سیستمێکی بەهاداریشە، بۆیەش پێویستە کە هێز بە هەموو ئەو کۆمەڵگەیانە بدرێت کە بتوانن بە باشترین شێوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، ئەمەش واتە بەتەنیا رێگەپێدانی قسەکردنیان نەبێت، بەڵکو پێویستە هەست بەوە بکەن کە بەقووڵی گوێیان لێ دەگیرێت و کاریان پێدەکرێت.  
 
رووداو: نەدین، پرسیارێک هەیە کە هەندێکجار من دەیکەم، هەندێک لایەن هەن نزیکن لە پەکەکە، راستە ئەندامەکانیان خەڵکی شنگالن و لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە پشتیوانیی دارایی دەکرێن، بەڵام هەموو جارێک تورکیا دەیانکاتە پاساوی هێرشەکانیان، تەنانەت ئێوەش لە راپۆرتەکەتاندا ئاماژەتان پێداوە، پێتوایە ئەم لایەنانە دەتوانن بەشێک بن لە رێککەوتنێک و بەشداربن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی شنگال، یان دەبێت ئەو گرووپانە هەڵوەشێندرێنەوە، چونکە تورکیا و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش نیگەرانیان لەبارەیانەوە هەیە، پێیان وایە نزیکن لە پەکەکەوە، بەڵام ئەگەر ئەم نیگەرانییانەش هەن، بۆچی حکومەتی عێراق پارەیان پێدەدات؟ 
 
نەدین مەیێنزا: بەتەواوی ئەوەیە، زۆر ئاسانە کە وابیربکەیتەوە کە ئەوانە لایەنێکی ناڕەسەنی شنگالن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە یەبەشە ئەوە نییە، ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگەکە، ئەوان ئێزدییە رزگاربووەکانن کە دەیانەوێت کۆمەڵگەکەیان بپارێزن، دوایین جار ئەوان چەکەکانیان دانا و متمانەیان دایە لایەنێکی دیکە کە بیانپارێزێت، بەڵام ئەمە سەرنەکەوت، بۆیە پێموایە زۆر گرنگە کە ئێزدییەکان لە پاراستنی ئاسایشی شنگال بەشدارییان پێبکرێت، هەروەها یەبەشەش لایەنێکی ئاڵۆزە، تورکیا وەک بیانوێک بەکاریان دەهێنێت، بەڵام دەبێت بزانرێت ئەوان رزگاربووی جینۆسایدن، ئەوان تورک و سووری نین، منیش پێموایە پێویست بە هەبوونی پەکەکە لەو ناوچەیە ناکات، بۆیە پێموایە دەبێت یەبەشە بە هۆشیارییەوە بیربکاتەوە و هەروەها نەبێتە هۆکاری ترساندنی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەڵکو ئاگاداریان بێت. بۆیەش پێموایە هەندێک لەو کێشانەی هەن، چارەسەری سەربازییان نییە، پێویستە گفتوگۆ هەبێت و بگەنە رێککەوتن و لایەنەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، لایەنەکان دەتوانن ئەمە بکەن، بەڵام ئەمە بە مووشەکەکانی تورکیا چارەسەر نابێت. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکەم، گرووپی جیاواز لەم ناوچەیەدا هەن، هەندێکیان سەربە حەشدی شەعبین، هەندێکیشیان سەر بە لایەنەکانی دیکەن، لین ئێوە لەو ناوچەیە کارتان کردووە، هیچ هەوڵێکی گۆڕینی دیمۆگرافیا هەیە، ئەگەر هەیە، بۆچی و کێ ئەمە دەکات؟ 
 
لین زۆڤیغیان: پرسیارێکی یەکجار گرنگە، هەروەها پێموایە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم کارکردن لەبارەی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و هەروەها ئەو هەموو ئاوارە زۆرەی هەیە، من پێیدەڵێم، دووکەڵی شەڕ و شتەکان بەباشی نابینین، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش ئەوەیە ئێمە زانیاریمان نین و هەروەها لەو کاتە گرنگەشدا، دەگمەنیشە کە ئێمە زانیاریی زیندوومان دەستبکەوێت، تاوەکو بتوانین کاری لەسەر بکەین. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەشت کە ئایا ئێمە گۆڕانکاریی دیمۆگرافیا دەبینین، هیچ زانیارییەک نییە کە بەفەرمی ئەمە بڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک دەگەڕێینەوە لای خەڵک و ئەوانەی ئەزموونی ژیانیان لەوێ هەیە و دەچین لەوێ پرسیارە دروستەکەیان لێدەکەین، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەکەش دەکەین، پێویستە ئێمە چ پرسیارێکیان لێ بکەین، ئەوکاتە دەزانین کە هەستێکی بەهێز هەیە لە نێو کۆمەڵگەکەدا، وەک نموونە لە نێو کۆمەڵگەی ئێزدییەکان و وەک حەیدەر ئەلیاسیش بە گرنگییەوە لە ئیڤێنتەکەی وڵسن سەنتەر گوتی، کە ئێزدییە ئاوارەکان بە مەبەست لە کەمپەکان دەهێڵدرێنەوە و رێگەیان پێنادرێت بچنەوە ماڵەکانیان، چونکە ماڵەکانیان کە هەر لە کۆنەوە ماڵی ئەوانن داگیرکراون لەلایەن خەڵکانی دیکەوە. ئەمە ئەو بۆچوونە گرنگەیە کە پێویستە ئێمە هەموومان گوێی لێبگرین. چونکە کاتێک ئێزدییەکان دەڵێن ناتوانین یان رێگەمان پێنادرێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، چونکە نایانەوێت بچینەوە، ئەوکاتە دەبێت لێرەوە دەست پێبکەین نەک بەتەنیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵکو بۆ باشتر تێگەیشتن لە کێشەکانیش، هەروەها دەبێت بە زانیاریی دروستەوە پشتیوانی لەو پرسیارە بکەین کە تۆ کردت. 
 
رووداو: با باس لەو پێکهاتانە بکەین کە لە شنگالدا دەژین، پێتوایە هیچ نیگەرانییەکیان هەبێت لەوەی کاتێک شنگالییەکان دەگەڕێنەوە و بەهێز دەبنەوە، بیر لە تۆڵە دەکەنەوە، پێکهاتەکانی دیکە چ نیگەرانییەکیان هەیە و بۆچوونی ئێوە لەوبارەوە چییە؟
 
نەدین مەیێنزا: لە ئیڤێنتەکەماندا، حەیدەر باسی لەوەکرد کە هەندێک ترس هەیە لەوەی کە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە و تووڕەبن لە سووننەکان، بەڵام ئەمە پاساوێکی باش نییە کە لە گەڕانەوە بێبەشیان بکەیت، بەڵکو ئەوە هۆکارێکی باشە کە پێکهاتەی سووننەش لە رێککەوتنی شنگالدا بەشدارییان پێبکرێت و هەروەها هەموو پێکهاتەکانی شنگال بەشێک بن لە رێککەوتنی شنگال و رۆڵیان پێبدرێت. کەسیش لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەربکەن، بەڵکو ئەوان شایەنی ئەوەن دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان پێبدرێت، بۆیە پێویستە خەڵکەکان پێکەوە کۆبکەینەوە، گفتوگۆ هەبێت و متمانە لە نێو پێکهاتەکان دروست بکەین، کاری زۆر ماوە بکرێت، بەڵام هێشتا گرووپە چەکدارەکان لەوێن و تووندوتیژیش بەردەوامە، بەوشێوەیەش کێشەکان چارەسەر ناکرێن. بۆیە دەبێت ئەمە تێبپەڕێنین و هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێین، هەروەها هیچ دۆخێکی جێگیریش نییە، بەڵکو شتەکان خراپتر دەبن، گرووپی چەکداری زیاتر دێن، بۆیەش ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە کە دۆخەکە هێور بکەینەوە و هێمن ببێتەوە، ناشبێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵکو دەبێت چارەسەری بکەین، پێویستە لە شنگال پێشوازی لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکەین، ئەو سووننانەش کە لە مێژە لەوێن، بتوانن لەوێ بژین و هەموویان پێکەوە کاربکەن و پێکەوە رێگەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکە بدۆزنەوە. 
 
رووداو: هیچ خواستێک لەلایەن حکومەتی عێراق، یان حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکە و ئەوانەش کە بڕیاربەدەستن، هیچ خواستێکیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شنگال، ئەگەر خواستێکیش هەبێت، با وادابنێین، پێویستە لە چییەوە دەست پێبکەن؟
 
لین زۆڤیغیان: پرسیارێکی زۆر گرنگە، هەروەها هاندەریش دەبێت بۆ چوونە پێشەوە. دیار، ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم، ئێمە دەبێت و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵدان بۆ قسەکردن لەگەڵ هەردوو حکومەتەکەدا، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، پێش هاتنی هاوین، بەر لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە دوو و سێیی ئاب، کاتێک ئێمە رێوڕەسمی یادکردنەوەمان بۆ خەڵکی ئێزدی رێکخستبوو، ئێمە دەمانویست لە بەغدا بین و لەگەڵ حکومەتی عێراق بیکەین، لەوێش لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران خواستێک هەبوو کە قسە لەسەر شنگال و هەموو ئەو پرسە گرنگانەش بکرێت کە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون و دوادەخرێن، بەڵام عێراق خۆشی رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە و هەروەها کێشەکەش ئەوەیە دۆخی ئەمنی و دۆخی سیاسی باڵی بەسەر شتەکانی دیکەدا کێشاوە، وایکردووە ئەم پرسە گرنگە پشتگوێ بخرێت، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی ئێوەش دەڵێم، ئێمە خواستمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ هەردوو حکومەتە ناوخۆییەکە، ئێمە دەمانەوێت لەسەر مێزێک لەگەڵیان کۆببینەوە، دەشزانم، هاوڕێ ئێزدییەکان و نێودەوڵەتییەکانیشمان دەزانن کە هەردوو حکومەتەکە ناتوانن بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بڵێن نا، بۆیە چاومان لە پێشەوەیە و هەروەها گەشبینیشین لەوەی هەموومان جارێکی دیکە لە بەغدا کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەمە. دەمەوێت شتێکی دیکەش بڵێم، لە هەرکاتێکدا کە شتەکان بەخاوی دەچنە پێشەوە و هەموو رۆژێکیش کێشەی گەورەتر روودەدات، تاوەکو ئەمڕۆش هێرشێکی درۆنی هەبووە، رووداوەکانی رۆژانە شتەکان ئاڵۆزتر دەکەن، با ئێمە بە مەبەستی سەرکەوتنێکی بچووک هەنگاو بنێین وەک خاڵی دەستپێک پێکەوە کاربکەین، یەک سەرکەوتن لە یەک کاتدا، بڕواشم وایە لەمەدا هەموو لایەک براوە دەبن، ئەمڕۆ لە ئیڤێنتەکەدا بیستم کە دەسەڵات نایەوێت ئێزدییەکان لە کەمپەکان بچنە دەرەوە، بەڵام شنگال بەتەواوی شوێنێکی پڕ لە سەرچاوەیە و دەتوانێت هاوکارێکی باش بێت بۆ کۆمەڵگەی عێراقی و کۆمەڵگەی کوردیش، ئەمە زیانێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەک ئەگەر شنگال وەک ناوچەیەکی گەشەسەندوو و جێگیر سەیر نەکەن. 
 
رووداو: ئەگەر دوایین پرسیارم لە تۆ بکەم نەدین، پێتوایە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێکێکی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شنگال، یان باشترە سەرەتا رێککەوتنێک هەبێت، ئەوکاتە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟ 
 
نەدین مەیێنزا: پێویستە شوێنێکی سەلامەت هەبێت، ئێستا خزمەتگوزاری نییە بۆ وەڵامدانەوەی پێویستی ئاوارەکان، بەڵام من دەڵێم، هەر ئێزدییەک بیەوێت بچێتەوە، پێویستە بچێتەوە، هەروەها دەبێت ئەوەش دەست پێبکەن کە دۆخی ناوچەکە باشترببێت، لە ئاسایشەوە دەستپێبکەین، راپۆرتەکەشمان سەرنجی لەسەر ئەمەیە و ئەمە لە پێشینەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو خەڵکانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە پێشوازییان لێبکرێت، ئەگەر بتوانن بگەڕێنەوە و ماڵەکانیان گونجاوبێت و خزمەتگوزاری هەبێت، بەڵام پێویستە پرسی ئەمنی چارەسەر بکرێت، ئەوکاتە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بگەڕێتەوە، رێگەکان چاکبکرێنەوە و خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنەوە، ئەو کارانە ناتوانرێن بکرێن بەهۆی میلیشکان و بەهۆی دۆخی ئەمنی، بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، بۆیە ئەوەی پێویستە ئەوەیە ناوچەکە پێویستە شوێنێکی سەلامەتتر بێت تاوەکو ئەو خزمەتگوزارییانە بکرێن، بەڵام بەڵێ ئەگەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە، پێویستە رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم بۆ ئێوە لین، داواکاریت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە تاوەکو یەکەم هەنگاو بەرەو چارەسەری بنێن، دەزانم کاریان لەسەرکردووە، بەڵام بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەرجەستە بۆ کێشەی شنگال؟ 
 
لین زۆڤیغیان: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، من پێموایە گرنگترین هەنگاو ئەوایە کە دان بەوە دابنرێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ژێر گوشارێکی گەورەدایە، ئێمە قەیرانێکی ئابووریی جیهانیی گەورەمان هەیە، شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوامە، لە هەموو شوێنێک ئازارێکی زۆر هەیە، بۆیە ئاسانە شنگال پەراوێزبخرێت و بڕیار بدرێت کە گرنگییەکەی کەمترە بە بەراورد لەگەڵ کێشەکانی دیکەدا. داواکاریم ئەوەیە، تکایە ئەم کارە مەکەن، دەبێت شگال وەک کێشەیەکی بچووک سەیر نەکرێت و شنگال تەنیا بۆ خودی خۆی نییە بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەیە. زۆربەی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی شنگال بوونەتەوە کاریگەرییان لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە و ئەگەر ئێمە شنگال بەم بارودۆخەی ئێستا بەجێبهێڵین، ئەوا ئێمە دەڵێین بەڵێ بۆ دەرچوون لە یاسا و سزانەدان. سووریا، لوبنان و ئەرمینیا بەدەست ئەم پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن، عێراقیش بەدەست بەم کێشەیەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوە بزانێت کە شنگال دەروازەکەیە و نابێت بەشێوەیەکی سیمبولیش سەیربکرێت و بگوترێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە شتەکانی دیکەوە هەیە بۆیە شنگال گرنگە، بەڵکو شنگال گرنگە چونکە ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێنەهێناوە، دەبێت هەموومان شەرم لە خۆمان بکەینەوە کە رزگاربووانی جینۆساید ناچار بکەین بچنە هێڵی بەرگرییەوە لەکاتێکدا کە هێشتا بەجینۆسایدکردن بەردەوامە، ناتوانین ئەمە وەک کەتوار (امر واقع) قبووڵ بکەین، بۆیە داواکاریی ئێمە ئەوەیە هەموومان پێکەوە کۆببینەوە و سەرنجمان بخەینە سەر ئەوە کە چۆن ئێزدییەکان و شنگالییەکان دەتوانن بچنە پێشەوە و هەروەها باشترین شتیش لەلایەن لایەنەکانەوە بکرێت و دڵنیابین لەوەی هەموو لایەنەکان ئەرکی خۆیان بە شەرەفمەندانەوە دەکەن، پێموایە ئەگەر ئەم هاوکێشەیە لە شنگال سەرکەوتوو بێت دەبێتە هاندەرێک بۆ لایەنەکانی دیکەش کە بەکاریبێنن لە ناوچەکەی ئێمە، هەروەها بەدڵنیاییەوە لە تەواوی جیهانیشدا. 
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ پەسندکردنی بانگهێشتەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە